هانا: سەرچاوەکانی هەواڵ رایانگەیاند، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی ورمێ بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ئەو شارە گیانی لەدەستداوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "شاهین دەیرزادە" خەڵکی ورمێ راگەیەندراوە. ناوبراو بە تۆمەتی تێکهەڵچوون لەگەڵ دراوسێکانی خۆیان لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە و دواتر ساڵێک و سێ مانگ بەندکرانی بۆ بڕاوەتەوە.
شاهین دەیرزادە لە بەندی ١٥ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دەستبەسەر بووە و دوای تێکهەڵچوونێک لەو بەندیخانەیە، لەلایەن مەئموورانی بەندیخانەوە بۆ شوێنێکی نادیاری رادەگوێزراوە.
بنەماڵەی "شاهین" رۆژی ٦ی رەزبەری ١٤٠٠ بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان سەردانی بەندیخانە دەکەن کەچی تەرمی رۆڵەکەیان دەدەنەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، تەرمی "شاهین دەیرزادە" لە بەندیخانە لە یەخچآڵێکی کۆن و خراپدا هەڵگیراوە و پزیشکی قانوونی لەبەر ئەوەی تەرمەکە زۆر شپرز بووە، خۆی لە کردنەوەی تەرمی شاهین پاراستووە و هۆکاری مەرگەکەی وەستانی دڵ راگەیاندووە.
بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە و هەروەها بەپێی هەموو پێوەر و بەها ئینسانییەکانی باوی جیهان، حکومەت و دامودەزگای داد و قەزایی بەرپرسن لە ئاست گیانی بەندکراوان لە بەندیخانەکان و دەبێ لە هەموو مافێکی ئینسانی و لەوانە مافی خزمەتگوزاری پزیشکی بەهرەمەند بن.
گیانلەدەستدانی شاهین دەیرزادە گەلێک پریسار و گومان دروست دەکا و بۆ وێنە، ئەگەر شاهین بە هۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، ئەی بۆچی لە کاتی خۆیدا بنەماڵەکەیان ئاگادار نەکردووە و تەرمەکەیان راگرتووە؟ دیارە ئەو بەندکراوە چەند رۆژ پێشتر گیانی لەدەستداوە بۆیە تەرمەکە گنیو و شپرز بووە.