هانا: بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، لە رۆژانی رابردوودا ئاخاوتن و قسە کردن بە زمانەکانی تورکی، کوردی و فارسی کێشەی لە شووڕای شاری ورمێ ناوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە کۆبوونەوەی حەوتووی رابردووی ئەم شووڕایە لە سەر ناودێر کردنی شەریکەیەکی تاکسی لە نێوان نوێنەرانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە تێکەڵچوون هاتووەتە ئاراوە. بە وتەی شاهیدێک کە لە کۆبوونەوەکە ئامادە بووە، ژمارەیەک لە نوێنەران ئیجازەیان نەداوە جگە لە تورکی بە هیچ زمانێکی تر قسە بکرێ.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێ، ئەمە یەکەم جار نییە لە کۆبوونەوەکانی شووڕادا دەبێتە دمەقاڵە. لە حەوتووی رابردووشدا بە هۆی گۆڕینی ناوی ورمێ لەلایەن پانتورکەکانەوە بوو بە دمەقاڵە و تا ئەو جێگایەی بۆ بێدەنگ کردنی بەرامبەرەکانی خۆیان تۆمەتی "دژی ئینقلاب و ترۆریست"یان لێدەدان و دەیانگوت ٨٥ لەسەدی دانیشتوانی ورمێ تورکن و بۆیە دەبێ لە کۆبوونەوەکاندا هەموو لایەک بە تورکی بئاخوێن.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی دانیشتوانی ورمێ تێکەڵێکە لە تورک و کورد و فارس، ئەم جۆرە لێدوان و هەڵسوکەوتانە دەبێتە مایەی پەرەسەندنی دووبەرەکی، ئاژاوە و کێشەی ئیتنیکی و نەتەوەیی و ئایینی. بەپێی ئەو راپۆرتانەی بە هانا گەیشتوون، کاربەدەستانی حکومەت دەستیان لە پەرەپێدانی ئاژاوە نانەوە و دووبەرەکی ئیتنیکیدا هەیە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە ٩ ئەندامی شووڕای شار پێنج کەسیان کوردن، بەڵام تەواوی ئەو ناوانەی کە لە سەر شوێنە گشتییەکان، خوێندنگەکان، شەقام و کۆڵانەکان دایانناوە بە پشتیوانی فەرماندار هەموو ناوەکان تورکی بوون.