بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، “شاکر بێهرووزی”، بەندکراوی سیاسی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن هێناوە.
شاکر بێهرووزی رێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە مەبەستی ناڕەزایەتی بە گواستنەوەی بۆ بەندی ٢ی بەندیخانەی ورمێ کە بەندی قاتڵەکانە، مانی لە خواردن گرتبوو و تا ئەوەیکە رۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلیوە – (١٦ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، دیسان گواستیانەوە بۆ بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی ئەو بەندیخانەیە و ئەویش کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.
شاکر بیهرووزی خەڵکی ورمێ و لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٣٩٧دا لەلایەن ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران دەستبەسەر و لەلایەن دادگای "ئینقلاب"ی ئەو شارەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
