٣ شارۆمەندی کورد کە پێشتر بە بیانووی ئەمنییەتی دەستبەسەر کرابوون بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوێزرانەوە.
رۆژی سێشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١ی ژوئەنی ٢٠٢١)، دوو شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی "ساکار عەینی" و "فەرزاد سامانی" بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ راگوێزران. ئەم شارۆمەندانە لە (٩ی ژانوییە ٢٠٢١)دا دەستبەسەر کرابوون.
هەروەها "ڤیان محەممەدی" خەڵکی مەریوان کە ٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢١ دەستبەسەر کرابوو، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.
ئەم ٣ شارۆمەندە کوردە لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ دەستبەسەر کرابوون.
جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بکەین بە بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردوو.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
هەروەها بە پێی ئەم جاڕنامەیە هەر تۆمەت لێدراو یا تاوان لێدراوێک مافی هەبوونی پارێزەر و مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی بێ لایەن و دادپەروەری هەیە.