هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەوە، رۆژی پێنجشەممە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٠، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی “سۆماوبرادۆست” لە ناوچەی ورمێ لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداڕانەوە دەستبەسەر کراوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "بەهمەن ئیسماعیلی" تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی "ئینگیجە" لە ناوچەی سۆماوبرادۆست راگەیەندراوە.
ناوبراو بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە شێوە سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش لە چارەنووس و شوێنی دەستبەسەر کردنی بەهمەن ئیسماعیلی هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
لەم پێوەندییەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بە بەندی ٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانە بکەین کە بەم جۆرە دەڵێ:
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.