ورمێ: تەرمی کۆڵبەرێک دوای ١٣٥ رۆژ دۆزرایەوە 

هانا: بەپێی راپۆرتی “کۆڵبەر نیوز” ئەمڕۆ شەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠١-(٢٨ی مەی ٢٠٢٢)، تەرمی “بێهلوول سەیدانی فەرد” پاش ١٣٥ رۆژ بێسەروشوێن بوون، لە نزیک ئاوایی “گولشەم” لە خاکی کوردستانی تورکیە لە بن بەفر و سەهۆڵدا دۆزراوەتەوە. 

لە ماوەی رابردوودا خەڵکی خۆبەخش و هێزەکانی حکومەت چەندین کەڕەت هەوڵی دۆزینەوەی تەرمی دوو کۆڵبەری بێسەروشوێن بە ناوەکانی "ئەسعەد سەیدانی فەرد" و "بێهلوول سەیدانی فەرد"یان دابوو. شایانی باسە ئێستا هێزەکانی حکومەت خەریکن تەرمی "بێهلوول سەیدانی فەرد" بۆ ناوەندی دەرمانی شەمزینان بگوازنەوە. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، رۆژی شەممە ١٧ی گوڵانی ١٤٠١، تەرمی کۆڵبەرێکی تر کە هەر لەگەڵ ئەم دوو کۆڵبەرە بێسەروشوێن ببوو بە ناوی "بارزان مەیهەنی" تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "باوان" لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، دوای ١١٤ رۆژ هەر لەو شوێنە و لە نزیک ئاوایی "گوڵشەم" لە خاکی کوردستانی تورکیە لە بن بەفر و رنوودا دۆزرابۆوە. 

ئەم سێ کۆڵبەرە، "بارزان مەیهەنی" کوڕی شەوکەت، "ئەسعەد سەیدانی فەرد" کوڕی رەحیم و خێزاندار و باوکی سێ منداڵ و "بێهلوول سەیدانی فەرد" کوڕی کەریم و خێزاندار و باوکی سێ منداڵ، خەڵکی گوندی "باوان" لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێن. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ ئەم سێ کۆڵبەرە لە دۆڵی "بنار" لە ناو بەفر و باڕندا ون بوون و پاش ١٣٥ رۆژ هێشتا تەرمی "ئەسعەد سەیدانی فەرد" نەدۆزراوەتەوە. 

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، خەڵکی خۆبەخشی ئەو ناوچەیە و هێزەکانی حکومەت لەو شوێنە بە دوای تەرمی دواینن کۆڵبەردا دەگەڕێن. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular