بەپێی راپۆرتی هاواکرانی هانا، مەسعود حاجیزادە (نایب) بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ورمێ کە بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆرەوە باری تەندروستی خراپە، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە ناچار بە دانانی بارمتە دەکرێ تا بتوانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە بەندیخانە بێتەدەر. بەڵام ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ دانانی بارمتەکەی بەرەوڕووی کێشە بووەتەوە چونکە بەرپرسانی بەندیخانە داوای بارمتەیەکی زۆر بە بڕی یەک میلیارد و دووسەد میلیۆن تمەن دەکەن.
مەسعود حاجیزادە لەدایکبووی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٥٧ – (١ی ئاگۆستی ١٩٧٨) و خێزاندار و باوکی پێنج منداڵە و خەڵکی ئاوایی "ئینگیجە" لە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ورمێیە.
کاتژمێر ٦ی بەیانی رۆژی سێشەممە ١٦ی رەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی رژابوونە ماڵی مەسعود حاجیزادە لە ورمێ و لەگەڵ ئەوەیدا ماڵەکەیان پشکنینیبوو، دەستیان بەسەر موبایلەکەیدا گرتبوو و وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەشکەنجە و ئازاری زۆریشیان دابوو و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی ئەو شارەیان رەوانە کردبوو. پاشان رۆژی پێنجشەممە ٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ – (٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرابۆوە.
مەسعود حاجیزادە بۆ یەکەم جار لە دادگایەکی پێنج خولەکیدا بێ ئەوەی مافی ئاخاڤتن و پارێزگاری لە خۆی پێ بدەن لەگەڵ چوار شارۆمەندی تر بە ناوەکانی "کەیوان رەشوزادە، ئومید سەعیدی، کامڕان قاسمی و عەبدوڵعەزیز محەممەدپوور" بۆ یەکەم کەڕەت لە دادگا چاویان بە یەکتر دەکەوێ و تەنانەت بێ ئەوەی ئاشنایەتییان بێت یا یەکتر بناسن، پەروەندەیەکی هاوبەش لە دژیان دادەڕێژن و لەوپەڕی بێدادیدا لە دادگای حکومەتی ئیسلامیدا لەلایەن قازی "عەلی شێخلوو"وە بڕیاری سزاکەیان دەدرێ.
سەرەتا ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" ١٠ ساڵ و رۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و پاشان لە دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران داشکا.
مەسعود حاجیزادە رۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە ناو هۆڵی سەرەکی بەندیخانەدا بۆ چەندەمین جار کەوتبووە بەر هێرش و لێدان و زەبروزەنگی چەند بەندکراوی تۆمەتبار بە مادە هۆشبەرەکان و لات و چەقۆکێش کە بەکرێگیراوی بەرپرسانی بەندیخانە بوون.
ناوبراو بەر لە گیرانی نەشتەرگەرییەکیان بۆ کردبوو و پڵاتینیان لە لاقی خستبوو. لە کاتی دەستبەسەرکرانیشیدا بۆ دەرهێنانەوەی پڵاتینەکە پێویستی بە نەشتەرگەرییەک بوو. بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە هەر جارەی بە بیانوویەک نەیانهێشتبوو بچێتە نەخۆشخانە.
بە گوشاری ناوەندە نێونەتەوەی و مافەکانی مرۆڤ بۆ سەر بەرپرسانی داد و و بەندیخانەی ورمێ، ئاخرییەکەی لە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ (٢ی ژوئەنی ٢٠٢١) نەشتەرگەری دوویەمی بۆ ئەنجام درابوو.
دوای نەشتەرگەری دوویەم، بەرپرسانی بەندیخانە نەیانهێشتبوو بۆ وەرگرتنی دەوا و دەرمان رەانەی بنکەی تەندروستی بەندیخانە بکرێ و لە ئاکامدا شوێنی نەشتەرگەرییەکەی و لاقی بە خەستی هەوی کردبوو.
جگە لەوانە ئەم بەندکراوە سیاسییە، بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆر لەلایەن مەئموورانی بەندیخانەوە بەشی ناوەوەی زگی دڕابوو. بە گوشاری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بۆ سەر بەرپرسانی داد و بەندیخانەی ورمێ، ناوبراو بە مەبەستی تاقیکردنەوە و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی دەرەوەی بەندیخانە کرابوو و لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتبوو پێویستی هەنووکەیی بە نەشتەرگەری بۆ زگ و لاقی هەیە. بەڵام بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی بەندیخانە دیسان مەسعود حاجیزادەیان گەڕاندبۆوە بەندیخانە و دواوایان لە بنەماڵەکەی کردبوو لە ئەگەری گواستنەوەی ناوبراودا بۆ نەخۆشخانە دەبێ ٤ میلیارد تمەن بارمتە دابنێن.
دادستانی ورمێ هەر لە سەرەتاوە بۆ ناردنی مەسعود حاجیزادە بۆ نەخۆشخانە داوای یەک میلیاد و ٢٠٠ میلیۆن تمەنی وەک بارمتە کردبوو. ئەم بڕیارە لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە دژایەتی کرا و گوشاریان بۆ بەرپرسانی داد و بەندیخانەی ورمێ هێنا تاکوو کارئاسانی بۆ ئەم شارۆمەندە کوردە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بکەن.
لە کۆتاییدا و لە ژێر گوشاری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ ١٤٠١ ئەو دەستەیە لە بەرپرسان کە دژی ئازادکرانی مەسعود حاجیزادە (نایب) بوون، بەم قەناعەتە گەیشتوون کە بڕیاری دانانی یەک میلیارد ٢٠٠ میلیۆن تمەن بارمتە بۆ بنەماڵەی ناوبراو زۆر قورسە و بۆیان دابین و جێبەجێ ناکرێ.
