هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر حزبەکانی کوردستانی ئێران

هانا: لە رۆژانی رابوردوودا محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزە زوەینییەکانی سپای پاسداران هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر حزبەکانی کوردستانی ئێران کرد. 

پاکپوور جگە لە هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر حزبەکانی کوردستانی ئیران، داوا و هەڕەشەی لە خەڵکی کوردستانی عێڕاق کردووە ناوچەکانی نزیک بە مقەڕ و بارەگاکانی حزبەکانی کوردستانی ئێران چۆڵ بکەن. 

محەممەد پاکپوور رێکەوتی ٥ی ژوئەنی ٢٠١٩ لەلایەن ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە خرایە لیستی گەمارۆکانەوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ ئایەتوڵڵا خومەینی فتوای جیهادی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد. هەر لە رۆژەکانی سەرەتای ئەو هێرشە، بەپێی بەڵگەکان دەیان شارۆمەندی کورد لە شارەکانی پاوە، سنە، مەریوان و سەقز لە دادگا چەند خولەکییەکان و بڕێک جاریش بێ دادگایی لە سێدارە دران. لە نێو ئەو کەسانەی ئەودەم لە سێدارە دران، کەسانی نەخۆش و بریندار یا تەمەن ژێر ١٣ ساڵیشیان تێدابوو. 

کۆمەڵکوژی خەڵک لە ئاواییەکان و بۆ وێنە لە ئاواییی قاڕنێ و قەڵاتان، نموونەیەکن لەو شەڕەی لە دژی خەڵکی کوردستان راگەیەندرا. هاوکات لەگەڵ فەرمانی جیهاد لە دژی خەڵکی کوردستان، حزبە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاری بەرەنگارییان دا و مێژوونووس و لێکۆڵەری فەڕانسەیی "کریس کۆچەرا" ئەم بەرەنگارییە بە بەرەنگاریی میللەتی کورد بۆ بەرگری لە دێموکڕاسی کوردستان ناو دەبا. لە ساڵی ١٣٥٨ەوە تا ئێستا لەگەڵ ئەوەیدا حزبەکانی کوردستان خوازیاری چارەسەری کێشەکان و دەستەبەر کردنی مافی خەڵکی کورد لە رێگای ئاشتییانەوە بوون، بەڵام تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نەبووە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بەجێبێنێ. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular