هەولێر: کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پەنابەران لە بەر دەرکی نوێنەرایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان 

رۆژی پێنجشەممە ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٠ی مەی ٢٠٢١)، ژمارەیەکی زۆر لە پەناخواز و پەنابەرانی خەڵکی کوردستانی ئێران دانیشتووی کوردستانی عێڕاق لە بەر دەرکی دەفتەری نوێنەرایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێڕاق، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێخست. 

ژمارەیەک لە ئەندامان و هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا" جگە لە بەشداری چالاکانە لەم گردبوونەوەیەدا، پشتیوانی خۆیان لە مافی پەناخوازان و پەنابەرانی دانیشتووی کوردستانی عێڕاق دەربڕی. لەم کۆبوونەوەیدا بەشداربووان دروشم و داواکارییەکانی خۆیان بەپێی یاساکانی مافی مرۆڤ بە دەستەوە و روو لە نوێنەرایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کوردستانی عێڕاق بەرزیان کردبۆوە. 
بەرپرسانی نوێنەرایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای چەند کاتژمێر ئامادە بوون لەگەڵ نوێنەرانی پەنابەران وتووێژ بکەن. لە کۆبوونەوەیەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ نوێنەرانی پەنابەران، لە سەر ٩ خاڵ کە نوێنەرانی پەنابەران ئامادەیان کردبوو قسەباس کرا و داواکاری و پەیامی پەنابەرانیان لەم رێگایەوە بیست. 
لە داواکارییەکانی پەنابەرانی ناڕازی بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بکەین بە، روون بوونەوەی داهاتوو و چارەنووسی پەنابەران و پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکان بۆ رەوانە کردنیان بەرەوە وڵاتی سێهەم، گرینگی دان بە دواکارییەکانی پەنابەرانی سیاسی، دابین کردنی شوێنی ژیان بۆ پەنابەرانی کوردستانی ئێران لە کوردستانی عێڕاق، بەڕێوەبردنی دادپەروەرانەی خزمەتگوزاری و یارمەتی خۆراکی، پزیشکی، بێهداشت و دەرمان، رەخساندن هەلی کار و هاسانکاری بۆ دۆزینەوەی دەرفتەکانی کار. 
شایانی باسە نوێنەرایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم وتووێژەدا رایانگەیاند، دوای راوێژ لەگەڵ بەرپرسانی خۆیان رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیشتووی کوردستانی عێڕاق، وەڵامی خۆیان بە داواکارییەکانیان دەدەنەوە.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular