هانا: رۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە سنوورەکانی هەورامان ٣ شارۆمەندی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەت لە سەر سنوور کوژران و بریندار بوون.
"کەیوان حەق مرادی" خەڵکی ئاوایی "شێخە کوێرە" و دانیشتووی شارۆچکەی "کانی دینار" لە ناوچەی مەریوان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژرا و شارۆمەندێکی تر بە ناوی "سیروان تەخانی" بە توندی بریندار بووە.
ئەم دوو شارۆمەندە کوردە لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "تەتە" لە ناوچەی سەوڵاوا، لەلایەن هێزەکانی سەر سنوورەوە تەقەیان لێ کرا و پێکران.
شایانی باسە، سیروان تەخانی بۆ چارەسەر کردنی برینەکانی رەوانەی ناوەندە دەرمانی و پزشکییەکانی مەریوان کراوە.
لە هەواڵەکانی پێشتریشدا رامانگەیاندبوو کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "دڵشاد ئەمینزادە" خەڵکی ئاوایی "دەڕە زیارەتی سەروو"ی ناوچەی سەقز لە سنووری "بڕوێشکانی" ناوچەی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار کرابوو.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ.