هانا: بەگوێرەی زانیارییەکان مەرگی “کارۆ غەفووری” بە هۆی بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر گوروبانێکدا بەڕێوەچووە.
"هەژار عەلیزادە" چالاکی سیاسی دانیشتووی کوردستانی عێڕاق و برای "کارۆ غەفووری" لە وتووێژێکدا لەگەڵ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا رایگەیاند: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، دوای ئەوەی گوروبانێک هەست بە ترس و خۆف لە بوونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا دەکا، دەست دەکا بە سووکایەتی بە گەلی کورد و خەڵکی کوردستان و حزبە کوردییەکان. ئەم سووکایەتییەی گوروبانەکە کاردانەوەی "کارۆ غەفووری" کە لەوێ سەرباز بووە لێدەکەوێتەو و بەرهەڵستی دەبێتەوە.
ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: ئەم قسە و باسە چەند رۆژ درێژەی دەبێ و دواتر دەبێتە دمەقاڵەی نێوانیان و ئەو گوروبانە کە بە رەچەڵەک تورکە، تەقەی لێ دەکا و کارۆ غەفووری دەکوژێ.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کارۆ غەفووری تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان رۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٣١ی ژولای ٢٠٢١)، بە شێوەی گوماناوی لە پایەگای سەر سنووری "بلە سوور"ی ناوچەی "خۆی" گیانی لەدەستدابوو. ناوبراو لە کاری چەکداری معاف و ئیجازەی هەڵگرتنی چەکوچۆڵی نەبووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤ هانا پێشتریش مەرگی کارۆ غەفووری گوماناوی راگەیاندبوو.
شایانی باسە پزیشکی قانوونیش بە بنەماڵەی کارۆ غەفووری راگەیاندووە، تا دوای ئەسپەردە کردنی تەرمی کارۆ هۆکاری مەرگی کوڕەکەتان پێ راناگەیەنین.