بە پێی راپۆرتێک کە بۆ تۆڕی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ بەرامبەر بە ٧ی مارسی ٢٠٢١، شارۆمەندی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناوی عەزیمە ناسری بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
عەزیمە ناسری رۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار بە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی سپا لە ورمێ راگوێزرابوو.
ناوبراو رۆژی چوارشەممە ١٥ی رێبەندان، دوای کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە، رەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمی کرابوو.
تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەر کردن و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە کوردە زانیاری وردمان لەبەردەستدا نییە.