هانا: ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٥ی ژولای ٢٠٢٢)، هادی رۆستەمی تەمەن ٣٥ ساڵ و باوکی منداڵێک و خەڵکی ئیلام، کە سزای بڕینەوەی چوار قامکی دەستی راستی بەسەردا سەپاوە لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەجەوە گێڕاویانەتەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، رێکەوتی ٢٥ی گوڵانی ١٤٠١-(١٥ی مەی ٢٠٢٢) هادی رۆستەمی و مەهدی شەڕەفیان و مەهدی شاهیوەند بە مەبەستی جێبەجێکرانی بڕینەوەی قامکی دەستیان لە بەندیخانەی ورمێ-وە بۆ بەندیخانەی تارانی گەوەر گوازرابوونەوە.
هادی رۆستەمی رێکەتی ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ – ١٢ی ژوئەنی ٢٠٢٢ پاش ئەشکەنجە و ئازاری زۆری مەئمووران لە بەندیخانەی تارانی گەوەرەوە بۆ بەندیخانەی رەجایی شاری کەرج گوازرابۆوە. بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری مەئموورانی بەندیخانە ددانێکی ئەم شارۆمەندە شکابوو و سنگ و پەراسووەکانی و لووتی زۆریان ئازار پێ گەیبوو.
هادی رۆستەمی و مەهدی شەڕەفیان و مەهدی شاهیوەند رێکەوتی ٣ی خرمانانی ١٣٩٦-(٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لە ورمێ دەستبەسەر کرابوون.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی تازەمان لە سەر چارەنووسی ئەو دوو بەندکراوەی دیکە لەبەردەستدا نییە.