هانا: بەپێی هەواڵێک کە هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بۆیان رەوانە کردووین، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٣١ی ژانوییەی ٢٠٢٢) سەعات ٤ی بەیانی، کۆڵبەرێک بە هۆی وەرگەڕانی ماشێنەکەیان لە رێگای نێوان پاوە _ نەوسوود گیانی لە دەستداوە و کەسێکی دیکەش کە برایەتی بە توندی بریندار بووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ناسنامەی ئەو شارۆمەندە کوردەی گیانی لەدەستداوە «لوقمان عەبدوڵڵاهی» تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی ئاوایی «تاوەگۆز» لە ناوچەی جوانڕۆ راگەیەندراوە.
هەروەها لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، برایەکی «لوقمان عەبدوڵڵاهی» بە ناوی "موختار عەبدوڵڵاهی" لەم رووداوەدا بە سەختی بریندار بووە و بە هیلاکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی «تاڵەقانی» کرماشان و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.