هانا: هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگاداریان کردین، سەعات ٠٠:٣٠ بەرەبەیانی دووشەممە ٥ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٢٧ی سپتەمبری ٢٠٢١) دوو لاوی کورد لە بەرزاییەکانی نەوسوود بریندار بوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ناسنامەی ئەو شارۆمەندانەی بریندار بوون، "مەسعود" و "سەرکەوت کەرەمی" راگەیەندراوە و هەردووکیان خەڵکی جوانڕۆن. ئەو شارۆمەندانە بە هۆی قورس بوونی برینەکانیان لە نەخۆشخانەی جوانڕۆ لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدان. بە وتەی شاهیدان و کەسانی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرەکانیش لە تاوان هەڵاتوون و لە کاتی راکردنیاندا ئەو دوو کۆڵبەرە لە هەڵدێر و تەلانەوە بەربوونەوە و لە ئاکامدا بریندار بوون.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
