نەوسوود: ئازار و ئەشکەنجەی کۆڵبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە

 
هانا: سەرچاوەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەشکەنجە و ئازاری کۆڵبەرانیان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە بەرزاییەکانی نەوسوود پشتڕاست کردەوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (١٥ی ژولای ٢٠٢١)، هێزە چەکدارەکانی حکومەت کاروانێک لە کۆڵبەران کە دەچوون بۆ کۆڵبەری، لە پردی "دووئاو"ی نەوسوود راگرتووە و ئەشکەنجە و ئازاریان داون. 
بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی حکومەت ٣ کەس لەو کۆڵبەرانە بە ناوەکانی " خەلیل سلێمانی، ئەنوەر مرادی، خەلیل مەحموودی" بە توندی بریندار بوون. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە ئەشکەنجە و ئازاری ئەو شارۆمەندە بێکار و هەژارانە کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن لەلایەن هێزەکانی حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاساوە ، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

بەندی ٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئەشکەنجە ئازاری شارۆمەندان بەمجۆرەی خوارەوەیە: 

بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 

خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. 

بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ. 

RELATED ARTICLES

Most Popular