هانا: رۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "رەحمان کەریمی" خەڵکی نەغەدە راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، ناوبراو بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە قۆڵبەست کراوە و بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ورمێ گوێزراوەتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بەڵام ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ زانیارێکیان لە سەر چارەنووسی "رەحمان کەریمی" پێ رانەگەیاندوون.
هەروەها هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە کوردە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە لە لایەن حکومەتی ئێرانیشەوە واژۆ کراوە لە بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩دا ئاماژە بە ئەمنییەت و ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی شارۆمەندان دەکات کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دامودەزگای قەزایی و هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بۆتە کاری رۆژانەیان و حکومەتی ئێران لەم بارەوە لە کۆمەڵگای جیهانیدا ناوزڕاوە.