نەغەدە: دوو شارۆمەندی زیندانی لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا 

هانا: هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگاداریان کردین دوو شارۆمەندی کورد لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری زۆردا گیانیان لەدەستداوە. 

بەگوێرەی ئەم راپۆرتە ناوی ئەو شارۆمەندانە "ئەسعەد رامین" خەڵکی ئاوایی "قاڕنێ" و "داود رەحیمی" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "چەقەڵ سوڵتان" لە ناوچەی نەغەدەن. 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، ئەم دوو شارۆمەندە پێشتر لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوونەوە و سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان نەدرابوو و لە هەموو مافێکی ئینسانی و بوونی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەش بوون. 
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ئەم دوو شارۆمەندە ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٠ی خه‌رمانانی ١٤٠٠ی هه‌تاوی – (١ی سیپەتەمبری ٢٠٢١)، لەلایەن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون و رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر دەسبەسەرکرانی ئەم شارۆمەندانەی راگەیاندبوو. 

ماڵپەڕەکانی سەر بە ئیتلاعاتی حکومەت تاوانی ئەوەیان داوەتە پاڵ ئەم دوو شارۆمەندە کە گۆیا لە تیمەکانی سەر بە "حدکا" بوون و لە ئاکامی تێکهەڵچوونێکدا بە برینداری دەستبەسەر کرابوون و بە هۆی کاری بوونی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە. بەڵام سەرچاوەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئیدیعای ئەو ماڵپەڕانە پشتڕاست ناکەنەوە. 

لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بە بەندەکانی ٣، ٥، ٩، ١٠ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکرێ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە و بەڵام پێی پابەند نییە و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بۆتە کردەوەی رۆژانەی هێزە چەکدار و ئەمنی و ئیتلاعاتی و قەزاییەکانی. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

RELATED ARTICLES

Most Popular