هانا: لە رۆژانی رابردوودا فیلمێک لە بابەت داعش و بە ناوی “رووخان” بە کارگەردانی محەممەد حسێن مەهدەوییان لە سەقز بەرهەم دێ و خەریکی هەڵگرتنی فیلم بوون.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دروست کردنی ئەو فیلمە لە سەقز لەگەڵ کاردانەوەی توندی شارۆمەندان و چالاکانی مەدنی ئەو شارە بەرەوڕوو بووە. لەم پێوەندییەدا یەکێک لە چالاکانی مەدەنی سەقز بە هانای راگەیاند: هاتوچۆی کەسانێک بە جلوبەرگ و ئاڵای داعشەوە خەڵکی توقاندووە و هیچ بەرپرسێکیش لەم بارەوە لێدوان و روونکردنەوەیەکی بە خەڵک نەداوە کە لە بنەڕەتدا ئەم فیلمە چییە یا بەرنامەی دیکەیان هەیە.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کۆبوونەوەی گوروپێکی ٤٠٠ کەسی بە جلوبەرگ و ریش و پەشم و ئاڵای داعشەوە و بە چەکەوە لەم ناوچەیە و لە کوردستان، ئێمە دەخاتە شک و گومانەوە بەتایبەت کە لەم رۆژانەدا خەڵكی زۆر لە شارەکانی ترەوە بە بۆنەی رێوڕەسمی ئایینی خۆیان بەرەو عێڕاق لێرەوە دەڕۆن و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر چەکداری ریش درێژ و رەش پۆشی تووڕە بەرەوڕوو دەبن و ئاگایان لە هیچ نییە و نازانن چ باسە. جگە لەوە ئەمە رای گشتی خەڵکی ئێران و ئەو گەشتیارانەش بە لاڕێدا دەبا و جۆرێکی دیکە لە سەر خەڵکی کوردستان بیر دەکەنەوە.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە درێژەدا رایگەیاند ئەگەر مەبەستێکی شاراوەیان لەم کارەیان نییە و نایانەوی سیما و دیمەنێکی ناحەز لە کوردستان نیشان بدەن بۆچی راست لەم رۆژانەدا ئەم کارە دەکەن کە گەشتیاری زۆر بە سەقزدا بەرەو عێڕاق دەڕۆن؟
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، لە رۆژانی رابردوودا لە جادەی نێوان سەقز – بانە – دیواندەرە ئەو گوروپە ٤٠٠ کەسییە دیتراون و لە دۆخی نالەباری ژیان و بەڕێچوونی خەڵک بە خراپ کەڵکیان وەرگرتووە و ژمارەیەک خەڵکیان بە ٢٠٠هەزار تمەن فریو داوە و لەگەڵ خۆیان خستوون.
هەروەها چالاکانی مەدەنی سەقز نیگەرانی پەرەسەندنی سەلەفیگەری و کاری توندوتیژی ئەو گوروپانەن دژی خەڵک و شارۆمەندان لە کوردستان.