مەیسۆن مەجیدی چالاکی مافی مرۆڤی کورد لە بەندیخانەی ئیتاڵیا ئازاد کرا

هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ئیتالیا هەواڵی ئازادکردنی “مەیسۆن مەجیدی” چالاکی سیاسی و مەدەنی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیان ڕاگەیاند.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، مەیسۆن مەجیدی دوای 10 مانگ دەستبەسەرکرانی نادادپەروەرانە ئازاد کرا. دادگای کرۆتۆنە دوای پێڕاگەیشتنێکی درێژخایەن ئەم چالاکە کوردەی مافی مرۆڤی لە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کرابوون بێتاوانی کرد.

لە ئەنجامدا هەموو ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە دژی مەجیدی ڕاگیرا و بە فەرمانی دادوەر ئازاد کرا.

مەیسۆن مەجیدی لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ براکەی بە هۆی هەڕەشەی بەردەوامی بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی  هەرێمی کوردستانی بە مەبەستنی ڕۆیشتن بۆ ئەوروپا بەجێهێشتبوو،  دوای ئەوەی لە دێسامبری ڕابردوو گەیشتە کەناراوەکانی ڕۆچێلا ئیۆنیکا، لەلایەن پۆلیسی ئیتاڵیا دەستگیرکرا، “بە تۆمەتی یارمەتیدانی کاپتنی بەلەمێک کە پەنابەرانی هەڵگرتبوو ”. هەر لەسەرەتاوە ئەم تۆمەتەی بە توندی ڕەتکردبووەوە و بە سیناریۆیەکی هەڵبەستراوی زانیبوو.

لە نارەزایی بەرامبەر بلاتەکلیفی دۆسیەکەیدا مەجیدی لە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی مەی ٢٠٢٤ەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژە مانی لە خواردن گرت.

شایانی باسە، هەر لەو ساتەوەختەوە کە ئەم تۆمەتە درۆیانە لە دژی مەیسۆن مەجیدی وروژێنرا ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ، ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئیتاڵیا، ئەندامانی پەرلەمانی ئیتالیا، چالاکانی مەدەنی، سیاسەتمەدارانی ئیتالیا، و پارێزەرانی خۆبەخش داوایان کرد دەستبەجێ بەبێ تاوان بناسرێت و بەپەلە ئازاد بکرێت .

ئێمە وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سوپاس و پێزانمان بۆ هەموو ئەو کەسانە هەیە کە کاریان کرد بۆ سەلماندنی بێتاوانییەکەی مەیسۆن مەجیدی .
 جەخت لەوە دەکەینەوە کە سەرەڕای تۆمەتە بێ بنەماکان هەمیشە باوەڕمان بە سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری ئیتالیا هەبوو و دڵنیا بووین کە بڕیارێکی دادپەروەرانە سەبارەت بە مەیسۆن مەجیدی دەدرێت . لە کۆتاییدا لە ڕێگەی هەوڵە ماندوو نەناسانەکانی خاتوو جیانکارلۆ لیبراتی کە لەم دۆخە مەترسیدارەدا دۆسیەی مەیسۆن مەجیدی وەرگرت و بەرگری کاریگەرانەی ئەو دادپەروەری بۆ مەیسۆن  مەجیدی هاتەدی.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤

RELATED ARTICLES

Most Popular