ژمارەیەک شارومەندی زیندانیی کورد بە دوای دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتیی لە گرتووخانەکانی هێزە ئەمنییەتییەکان ئازاد دەکرێن و چارەنووسیان نادیارە!
شەوی ١شەممە رێکەوتی ١٩ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ٧ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی "مەنسوور وەلیپوور" شارومەندی مەریوانی بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتیی لە گرتووخانە ئەمنییەتییەکانی ئەو شار ئازاد کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەدەستی تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران گەیشتووە، ناوبراو کاتژمێر ١٢ی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە بە دانانی بارمتەی ٦٠ میلیۆن تمەنی و بۆ ماوەیەکی کاتیی لە زیندان ئازاد کرواوە.
پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە "مەنسوور وەلیپوور" رۆژی هەینی رێکەوتی ٣ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٢ی ژانوییەی ٢٠٢١ی زایینی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان قۆڵبەست کرا و لە کاتیی دەستبەسەربوونیدا رووبەڕووی ئەشکەنجە و ئەزێت و ئازارێکی زۆر بۆتەوە.
شایانی باسە لەماوەی ١ مانگی رابردوودا شەپۆلێکی بەرین لە دەستگیرکردنی شارومەندانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێ کردووە و هەنووکەش هەر بەردەوامە.
بەپێی دوایین زانییارییەکان لەمەڕ ئازادبوونی شارومەندانی دەستبەسەر کراو "مەحمود مەحمودی" رۆژنامەوانی زیندانیی کورد کە بە تۆمەتی پێوەندیی لەگەڵ میدیا بەرهەڵەستکارەکانی رژیم زیندانی کرابوو، بە دوای دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەیەکی کاتیی ئازاد کراوە.
هەروەها بە پێی دوایین زانیارییەکان ٣ شارومەندی دیکە، دانیشتووی ئاوایی "ئاڵی کەند"ی سەر بە شاری بۆکان بە ناوەکانی حامید" "ئەیوب" و "ئەیوب رەسوڵ پوور" بە دوای دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی لە زیندان ئازاد کراون.
هەر لە پێوەندیی ئازادبوونی شارومەندانی دەستبەسەر کراو، رۆژی ١شەممە رێکەوتی ١٩ی رێبەندان بەرامبەر بە ٧ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی شاروەندێکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی "ئەمیر بایزیدیئازەر" بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتیی لە زیندان ئازاد کراوە.
هەروەها رۆژی ٤ شەممە رێکەوتی ١٥ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ٣ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی "جەمیل ئەحمەدی" خەڵکی شاری سنە بەدوای دانانی بارمتە و بە شیوەیەکی کاتیی لە زیندان ئازاد کراوە.