مەریوان: گیانلەدەستدانی شارۆمەندێکی ٧٥ ساڵان بە هۆی رووداوی کارەوە 

هانا: رۆژی چوارشەممە ١٤ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٦ی ئۆکتوبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد تەمەن ٧٥ ساڵ و خەڵکی قوروە بە هۆی رووداوی شوێنی کار لە سنووری باشماخ لە ناوچەی مەریوان گیانی لەدەستداوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، ناوبراو شۆفیری ماشێنی بارهەڵگر بووە و لە گومرکی باشماخ لە کاتی سواربوونەوەدا هاوسەنگی خۆی لەدەستداوە و کەوتووەتە بن ماشێنێکی بارهەڵگری دیکەوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە. 

جێگای ئاماژەیە گومرکی باشماخ ساڵێ داهاتێکی زۆری هەیە و دەچێتە خەزێنەی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بەڵام بە هۆی ئەوەی ستانداردێک بۆ شوێنی راگرتن و چاوەڕێ بوونی ماشێنەکان و بەتایبەت ماشێنە بارهەڵگرەکان رەچاو نەگیراوە، رووداوی ئاوا دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە. 

شایانی باسە بە هۆی هاتوچۆی زۆری ماشێنە بارهەڵگرەکان بەو سنوورە و رێگایەی مەریواندا، ئاسفاڵتەکەی زووتر لە ناودەچێ و گەلێک رووداوی هاتوچۆ بەم هۆیەوە هاتووەتە پێش و بووەتە مایەی گیانلەدستدان و بریندار بوونی شارۆمەندان. بە تەرخان کردنی بەشێک لە داهاتی گومرکی باشماخ دەکرێ نەک هەر سەر سنوور بەڵکوو هەموو ئەو رێگا سەرەکییە تا سنە بکرێتە جادەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی. بەڵام حکومەتی ئیسلامی ئێران و کاربەدەستانی حکومەتی لە کوردستان بە شوێن تاڵان و کۆکردنەوەی داهاتی ئەم هەرێمەن نەک کاری خزمەتگوزاری. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular