مەریوان: کوژران و بریندار بوونی چوار ئەندامی سپای پاسداران لە تێکهەڵچوونێکدا  

هانا: بە پێی ئەو هەواڵانەی لە مەریوانەوە بۆ مافی مرۆڤی هانا هاتوون، شەوی چوارشەممە ١ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢١ی ئاوریلی ٢٠٢١) لە تێکهەڵچوونێکدا ٤ ئەندامی سپای پاسداران کوژران و بریندار بوون. 

بە پێی ئەم راپۆرتە لە جادەی مەریوان – سەقز لە نزیک ئاوایی "قەمچیان" و ناوچەی "کانی کۆن" تێکهەڵچوونێکی چەکداریی روودیداوە و لە ئاکامدا دوو پاسدار بە ناسنامەی "عوسمان جیهانی" و "ناسر ئەمینی" کوژراون و دوو کەسی دیکەش بە ناسنامەی "عەلی بەسامی" و "یادگار بەسامی" بریندار بوون. 
قەرارگای هەمزەی سپای پاسداران هەواڵی کوشتنی ئەو دوو کەسەی پشتڕاست کردووەتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ ناوەندێکی دەوڵەتی سەبارەت بە بریندارەکان زانیارییەکی بڵاونەکردۆتەوە و رێکخراوی هانا یەکەم هەواڵنێرە کە ئەم ورەدەکارییانە بڵاودەکاتەوە. 
شایانی باسە، تا ئێستا هیچ حزب و رێکخراوێک بەرپرسایەتی ئەنجامدانی ئەم تێکهەڵچوونەی وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام سپای پاسداران بە بێ ئەوەی ناوی کەس یا حزب و لایەنێک بێنێ ئاماژەی بە حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران کردووە و ئەوان بە بەرپرسی ئەم کارە دەزانێ. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular