مەریوان: کوژرانی کۆڵبەرێکی تر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران 

هانا‌: بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، رۆژی چوارشەمە ۱٧ی خرمانانی ۱۴۰۰ – ( ٨ی سپتەمبری ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی سەر سنووری مەریوان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران گیانی لەدەستداوە. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "سیروان گوڵزاری" تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "جەژناوا" لە ناوچەی مەریوان راگەیەندراوە. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو مناڵ بووە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن یا گرتن و ئەشکەنجە کردنیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular