هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە مەریوانەوە ڕایانگەیاند، پیاوێکی خەڵکی ئاوایی “چۆر”ی ناوچەی مەریوان هاوسەرەکەی کوشتووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوون، بکوژەکە ماوەیەک لەوەپێش هاوسەرەکەی خۆی بە ناوی "مونیرە قادری" خەڵکی ئاوایی "گوڵان" سەر بە ناوچەی کۆماسی، کوشتووە و ڕۆژی هەینی دوای ماوەیەکی زۆر لە کوشتن و شاردنەوەی تەرمی هاوسەرەکەی، خۆی بە پۆلیس ناساندووە.
خەڵکی ناوچەکە دوای دۆزینەوەی تەرمی "مونیرە قادری" لە یەکێک لە باغەکانی ئەم ناوچەیە دۆزراوەتەوە و دواتر بە خاکیان سپاردووە.
جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەم راستیەی بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن و دەستیان بۆ توندوتیژی ئاواڵە دەکا. هەوەوها هیچ بەرنامەیەک بۆ پەروەردەیەکی ئینسانی و پێشکەوتوو بۆ کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو لە ئارادا نییە و ئەم کولتوور و پەروەردە سەقەتەی کۆمەڵگا بۆ دژایەتی ژنان بە بەردەوامی هەر زاوزێ دەکا.
ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات.