هانا: بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (٧ی ئاوریلی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لە ئاوایی “نێ” سەر بە مەریوان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "محەممەد پەروازە" خەڵکی ئاوایی "نێ" لە ناوچەی مەریوان و بە هۆی بەشداری کردن لە رێوڕەسمی نەورۆز دەسبەسەر کراوە.
پێشتر ٧ شارۆمەندی دیکە خەڵکی گوندی "نێ" لە ناوچەی مەریوان لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامی و ناوندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و تا ئێستاش چارەنووسیان ئاشکرا نییە.
ئەو شارۆمەندانەی پێشتر لە گوندی "نێ" گیرابوون ناسنامەیان بەم جۆرەی خوارەوەیە:
1. سیاوەش بامداد
2. جەماڵ گەرامی
3. سەلمان ئەفرا
4. سەیوان پەرتەو
5. ئارام نیکپەی
6. ئارام نیکپەی
7. رێبوار پەروازە
هەموو ئەم شارۆمەندانە لەلایەن چەکداران و ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراون. بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ گەرتن و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤە. جگە لەوەش ئەندامەتی لە حزب و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکاندا و بەڕێوەبردن و بەشداری کردن لە بۆنە و رێوڕەسمە کولتوری و نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە.