بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخروی مافی مرۆڤی هانا، کاتژمێر ٢٤ی شەوی رابردوو، “مەسعوود نیکخا” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دیسانەوە دەستبەسەر و بو شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت کاتژمێر ٢٤ی شەوی رابردوو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "مەسعوود نیکخا" و سەرەڕای دەستبەسەرکردنی، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر موبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیدا گرتووە.
جێگای ئاماژەیە، مەسعوود نیکخا پاش ١٤ رۆژ بەندکران و ئەشکەنجە و ئازار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە، دوێنی ٢١ی گوڵان ئازاد کرابوو. کەچی هەر دوێشەو دیسان رژاونەتە ماڵەکەی و گرتوویانەتەوە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم شارۆمەندە کوردە بۆ رێکخراوی هانا نەهاتووە.
شایانی باسە هەر ئێستا، "ئەسکەندەر لوتفی" (سۆران)، "شەعبان محەممەدی" و "مەسعوود نیکخا" سێ کەس لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەری شووڕای هاوئاهەنگی مامۆستایانی ئێران لقی مەریوان و "فەرهاد میرزایی" چالاکی پیشەیی و فەرهەنگی خەڵکی شاە ئاباد (ئیسلاماوا) لە بەندیخانەکان دەستبەسەر و بەندکراون و گرتنی هەمووشیان سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی بووە.
بەپێی بەندەکانی ٩، ١٢، ١٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، گرتنی سەرەرۆیانەی "مەسعوود نیکخا" و باقی شارۆمەندانی تر پێشێلکردنی ئاشکرای ئەم جاڕنامەیە و پێوەرە ئینسانییەکانی باوی وڵاتانی ئازاد و دێموکراتە. لە خوارەوە بەندەکانی ٩ و ١٢ وەک خۆی دادەنێین.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٢- بەزاندن و خۆتێهەڵقوتاندنی سەرەڕۆیانە لە هەرێمی ژیانی تایبەتی، بنەماڵە، نامە و پێوەندییەکان، ماڵ و شوێنی ژیانی هەر مرۆڤێکدا قەدەغە و مەحکوومە. هەر بەم پێیە کەڕامەت و شەڕافەت و ئابڕووی هیچ کەس نابێ بکەوێتە بەر دەستدرێژی و سووکایەتی. لە بەرامبەر ئەم جۆرە خۆتێهەڵقتاندن و هێرشانەدا هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی لەلایەن یاسا و ناوەندە قەزاییەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێ.
