مەریوان: لاویکی کورد بە دەستی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران کوژرا 

هانا: رۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لاوێکی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە بەرزاییەکانی سنووری “سوورێن” پێکرا و گیانی لەدەستدا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "محەممەد مینوویی" تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "ئەسکۆڵ" لە ناوچەی مەریوان راگەیەندراوە. 
شایانی باسە ناوبراو شوان بووە و لە لەوەڕگەکانی ئەوێ خەریکی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بووە و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بە بێ هیچ هۆکارێک تەقەیان لێ کردووە و کوشتوویانە. دواتر تەرمی "محەممەد مینوویی" رەوانەی نەخۆشخانەی فەجری مەریوان کرابوو. 

لەم پێوەندییەدا پێویستە ئاماژە بە بەندەکانی ٣ و ٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکەین کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە بەڵام بە بەردەوامی پێشێلی دەکا. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular