هانا: رۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢٣ی مەی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لە مەریوان لەلایەن ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کرابوو و دواتر دەستبەسەریان کردووە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە "لوقمان نیکزاد" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "سەردووش" لە ناوچەی مەریوان راگەیەندراوە. ناوبراو بە بێ حوکمی دادگا و بەڵگەی یاسایی تەنیا لە رێگای پێوەندییەکی تەلەفونەوە بانگ کراوەتە ئیتلاعات و لەوێ گرتوویانە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
بەندەکانی ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە لە سەر ئازادی شارۆمەندان و مافەکانیان بەم جۆرەی خوارەوە دەدوێ:
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
