هانا: کۆڵبەرێکی کورد کە نەیدەتوانی فارسی بدوێ سزای ١٥ ساڵ بەند کردنی بە سەردا سەپا و ئێستا ماوەی ٣ ساڵە لە بەندیخانە بەندکراوە.
"وەفا وەتەندووست" خەڵکی مەریوان ساڵی ١٣٩٨ لە بەرزاییەکانی مەریوان لەلایەن هێزەکانی سەر سنوورەوە دەستبەسەر کرابوو و ١٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
"وەفا وەتەندووست" بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی، ١٥ ساڵ بەند کردنی بە سەردا سەپاوە.
شایانی باسە ئەم شارۆمەندە کوردە نازانێ بە فارسی بدوێ و وەک مرۆڤێک و وەک تاوان لێدراوێک لە هەموو مافەکانی خۆی وەک بەهرەمەند بوون لە مافی وەکیل و پارێزەر، وەرگێڕ و مافی مەرەخەسی لە دەورەی لێپرسینەوە و بەند کردن و دادگاییدا بێبەش بووە.
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە بەندەکانی ٣، ٥، ٩، ١٩ و ٢٠دا ئاماژە بە ئەمنییەت و ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی شارۆمەندان دەدات کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە.