هانا: کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی گوڵانی ١٤٠١ – (٨ی مەی ٢٠٢٢)، هێزە ئینتزامییەکان و شارەوانی مەریوان، بە لۆدێر دەکەی دەسفرۆشانی مەیدانی ستادیۆمیان رووخاندووە و لە ناویان بردوون. ئەوە لە حاڵێکدایە پێشتر ئەو دەسفرۆش و خاوەن دەکانەیان ئاگادار نەکردبۆوە.
ئەم کردەوەیەی هێزەکانی حکومەت و شارەوانی ئەم شارە لە کاتێکدایە بێکاری و هەژاری باڵی ڕەشی بەسەر کوردستان و مەریواندا کێشاوە و خەڵک لە گوشاری زۆردان. ئەم دەسفرۆشانەش لەبەر بێکاری و هەژاری لەو شوێنانە بۆ بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان خەریکی کار و کاسبی بوون.
بەندی ٢٣ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، مافی کار کردن لە هەلومەرجێکی دادپەروەرانەدا بۆ شارۆمەندانی وڵات بە مافی ڕەوا دەزانێ و هەروەها ئەم مافەش بە شارۆمەندان دەدا لە بەرامبەر بێکاریدا بیمەی بێکاری وەرگرن و لە پشتیوانییە کۆمەڵایەتییەکانی وڵات بەهرەمەند بن.
