هانا: ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠١ – (١١ی مەی ٢٠٢٢)، “شەعبان محەممەدی” چالاکی پیشەیی و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، لە مەیدانی “باوە ڕەشید”ی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنی و “لیباس شەخسی”یەکانی حکومەتەوە رفێندراوە.
لە وەڵامی بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە مەریوان پێیان راگەیاندوون "شەعبان محەممەدی" لەلایەن ئێمەوە نەڕفێندراوە و لای ئێمە نییە.
شایانی باسە، "شەعبان محەممەدی" تا ئێستا چەندین جار بە هۆی چالاکی پیشەیی و فەرهەنگی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە، پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان لە ئەستۆی حکومەتە. بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر لە خوارەوە بەندەکانی ٣ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەک خۆی دادەنێین.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
