هانا: بەپێی راپۆرتێک لە هەواڵنێری “ئاسۆ نیوز”ەوە، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی “هیوا داربەرزین” دانیشتووی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە، رۆژی دووشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (١٩ی ژولای ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم شارۆمەندە کوردە و دەرگا و پەنجەرەیان شکاندووە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بی بڕیاری دادوەر رژاونەتە ژوور و وێڕای سووکایەتی و بێ ڕیزی و لێدان و ئازاری "هیوا داربەرزین"، دەستبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکار و شوێنی دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە کوردە لەبەردەستدا نییە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
لە پێوەند لەگەڵ ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی تاک لە کۆمەڵگادا، بەندەکانی ٣، ٩، ١١، ١٢ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەم جۆرەی خوارەوە دەڵێ:
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١١- هەر کەسێک هەر تاوانێکی درابێتە پاڵ یا پێی تاوانبار کرابێ، تا لەلایەن دادگایەکی ئاشکرا و بێ لایەنەوە کە هەموو مافەکانی بەرگری لە خۆی پارێزراو بێ، تاوانەکەی دەرنەکەوتبێ، بە بێ تاوان دەژمیردرێ.
بەندی ١٢- بەزاندن و خۆتێهەڵقوتاندنی سەرەڕۆیانە لە هەرێمی ژیانی تایبەتی، بنەماڵە، نامە و پێوەندییەکان، ماڵ و شوێنی ژیانی هەر مرۆڤێکدا قەدەغە و مەحکوومە. هەر بەم پێیە کەڕامەت و شەڕافەت و ئابڕووی هیچ کەس نابێ بکەوێتە بەر دەستدرێژی و سووکایەتی. لە بەرامبەر ئەم جۆرە خۆتێهەڵقتاندن و هێرشانەدا هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی لەلایەن یاسا و ناوەندە قەزاییەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە.
