مەریوان: دەستبەسەر کردنی “سوڕەیا حەقدووست” لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە 

هانا: هاوکارانی هانا لە مەریوانەوە ئاگاداریان کردین، “سوڕەیا حەقدووست” چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنی “ماڵی ئینسان” رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە. 

"سوڕەیا حەقدووست" رۆژی پێنجشەممە لە شەقامەکانی مەریوان دەستبەسەر کراوە و رەوانەی "ناوەندی چاکسازی و پەروەردە"ی سنە کراوە. جێگای ئاماژەیە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەکیان لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردنی پێ نەداون. هەروەها تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هیچ زانیارییەکی لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە لەبەردەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا هەر وەک پێشتر ئاگادارمان کردبوون، "ئارام فەتحی" شاعیر و چالاکی مەدەنی و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی "ماڵی ئینسان" هەر ئەو رۆژە لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراوە. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە خۆیان و بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. 
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە بەندەکانی ٣، ٥، ١٩ و ٢٠دا ئاماژە بە ئەمنییەت و ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی شارۆمەندان دەکات کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular