مەریوان: دەستبەسەر کردنی “ئارام فەتحی” شاعیر و چالاکی مەدەنی 

هانا: رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، “ئارام فەتحی” شاعیر و چالاکی مەدەنی خەڵکی مەریوان لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا. 

مەئموورانی ئەمنییەتی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان هێرشیان کردە سەر ماڵی "ئارام فەتحی" و وێڕای قۆڵبەست کردنی ناوبراو، دەستیان بە سەر موبایل و کەلوپەلەکانیدا گرت. ناوبراو بەپێی بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراوە بەڵام تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هیچ هەواڵێک لە شوێن و هۆکاری دەستبەسەر کردنی "ئارام فەتحی" بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.  
شایانی باسە ئارام فەتحی پێشتر بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و هونەری چەندین کەڕەت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە و ئازار دراوە. 

حکومەت و بەڕێوەبەرانی وڵات دەبێ مەجالی ئازاد ژیان بۆ هەر مرۆڤ و تاکێکی کۆمەڵگا بڕەخسێنن تا ئازادانە رای خۆی دەربڕێ و گەشە بە بیر و بۆچوونی بدا کە مافی خۆیەتی. ئازادی بەیان و دەربڕینی بیروڕا لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا بە ڕوون و ئاشکرا هاتووە و وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. کەس نابێ لە دەربڕینی بیر و باوەڕی بترسێ و لەسەر جۆری بیرکردنەوەی دەستبەسەر یا ئەشکەنجە بدرێ و ئەمنییەتی بکەوێتە مەترسییەوە، ئەم خاڵانە لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤن. پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێراندا لەلایەن حکومەت و دەزگای داد و بەڕێوەبەرانی یاساوە، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بایەخ نەدانە بە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە. 
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. 
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە بەندەکانی ٣، ٥، ١٩ و ٢٠دا ئاماژە بە ئەمنییەت و ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی شارۆمەندان دەدات کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 

RELATED ARTICLES

Most Popular