هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە مەریوانەوە ڕایانگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ۱٤۰۰- (۲٨ی ژولای۲۰۲۱) هێزەکانی سەرسنوور لە بەرزاییەکانی سنووری “بەردەڕەشە”ی سەر بە سەرشێوی مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ ٥ سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشت و داراییەکانیان تاڵان کردن.
هەروەها بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ٥ کەس لەو کاسبکارانە لەگەڵ ۲ کەسی تر کە خەڵکی ئاوایی "بەردەڕەشە"ن بە ناوەکانی "شادمان و بێهنام کەمالاتی" کە برای یەکترن لە کاتێکدا کە سەرقاڵی خڕکردنەوەی گیای ئاژەڵان بوون، دەستبەسەرکراون و دوای دوو ڕۆژ ئەم دوو برایە ئازادکراون.
ئەم ٥ کاسبکارە خەڵکی سنە بوون و تا ئێستا ناسنامە و چارەنووسیان بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
نەبوونی کار و بارودۆخی خراپ و نالەباری ئابوری و نەبوونی بژێوی ژیان، هۆکاری سەرەکی ناچار بوونی خەڵکە بۆ کاری کۆڵبەری لە کوردستان و هێزە چەکدارەکانیش بەرانبەر بە کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردستان دەستیان بۆ تەقە ئاواڵەیە و بۆ کوشت و کوشتاری خەڵکی هەژار و بێ تاوان ئازادن. هەر بۆیە ڕۆژ نییە هەواڵی برینداربوون یا کوژرانی کۆڵبەران یان تاڵانی داراییەکانیان و کوشتاری ئەسپەکانیان نەبێتە سەردێڕی هەواڵی هەواڵنێرییەکان.