هانا: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – ٢٣ی مارسی ٢٠٢١، لانیکەم ٢ شارۆمەندی کورد لە ئاوایی “نێ” لە ناوچەی مەریوان لە لایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەرکراون.
سەیوان پەرتەو کوڕی زۆراب و سەلمان ئەفرا کوڕی رەحمەت خەڵکی ئاوایی "نێ" ناسنامەی ئەو دوو شارۆمەندە کوردەیە کە لە لایەن ئیتلاعاتی سپای مەریوانەوە دەسبەسەرکراون.
بە پێی راپۆرتەکە، هێزە ئەمنییەتییەکانی سپا رژاونەتە ماڵی ئەو دوو شارۆمەندە کوردە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەریان کردوون.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاوایی نێ هێزەکانی سپا هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی محەممەدی پەروازە و چەکیان لە هاوسەری ناوبراو کێشاوە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە محەممەد پەروازە دەبێ خۆی بە ئیتلاعاتی سپا بناسێنێ.
جێی ئاماژەیە، هیزە ئەمنییەکان بە بێ هیچ جۆەرە بەڵگەیەکی یاسایی بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی محەممەد پەروازە رژابوونە ماڵی ناوبراو.
بە پێی راپۆرتێک کە هاتووە، مەئموورانی سپا رایانگەیاندووە زیاتر لە ٧٠ کەس لە مەریوان دەسبەسەر دەکەن.
تۆمەتی ئەم ٣ شارۆمەندە کوردە هاوکاری لەگەڵ حزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران راگەیەندراوە.
هەڵسووڕانی ئازادانەی چالاکی سیاسی و ئەندامەتی لە حزب و رێکخراوە سیاسییەکاندا سەرەتاییترین مافی تاکە لە کۆمەڵگاکاندا بەڵام لە ئێران بە ئاشکرا لە لایەن بەڕێوەبەرانی یاسا و حکومەتەوە پێشێل دەکرێ.