بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، مامۆستایەکی زانستگا خەڵکی مەریوان بە تۆمەتی رەخنە گرتن لە حکومەت و هاندانی خەڵک بۆ بایکوت کردنی هەڵبژاردن لە زانستگا دەرکراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەندازیار "ئازاد ئەحمەدزادە" مامۆستای بواری مێعماری لە زانستگای ئازادی مەریوان و مامۆستای موزیک، لە رۆژانی رابردوودا لە رێگای نامەیەکەوە لە بڕیاری دەرکردنەکەی ئاگاداریان کردووە.
شایانی باسە ناوبراو پێشووتریش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە لێپریسینەوە و هەڕەشەی لێ کرابوو.
بەپێی بەندی ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، "ئازادی بەیان و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕا"، یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە و حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، بەڵام لە کردەوەدا لە رێگای دەزگای قەزایی و هێزە ئەمنی و چەکدارەکانییەوە ئەم مافە پێشێل دەکا و ئێرانی کردووەتە زیندانێکی گەورە بۆ ئازادیخوازان، چالاکانی سیاسی، مەدەنی، کرێکاری، ژینگە، ژنان و بە گشتی خەڵکی ناڕازی لە کوردستان و ئێران.
لە خوارەوە بەندی ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەک خۆی دادەنێین.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
