هانا: هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە مەریوانەوە ئاگاداریان کردین، شەوی رابردوو سەلەفییە تونداژۆکانی مەریوان، لە کردەوەیەکی دواکەوتووانە و ناشارستانیدا هەڵیانکوتاوەتە سەر خەڵکی گەڕەکی “دارسەیەران” لە مەریوان و چەند کەسیان بریندار کردووە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتووە، لە ئاکامی هێرشی سەلەفییەکاندا بۆ گەڕەکی ناوبراو، ٢ کەس بە ناوەکانی "جەماڵ فەیزی" و "شێرکۆ" خەڵکی ئاوایی "سێف" بریندار بوون.
ئەم کردەوە ناشارستانییەی سەلەفییەکان هیچ کاردانەوەیەکی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی بەدوادا نەهاتووە و لایان بۆ شل کردوون. شایانی باسە ئەمە یەکەم جموجۆڵی سەلەفییەکان نییە و پێشتر لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و… کردەوەی لەم چەشنەیان ئەنجام داوە. جێگای ئاماژەیە هەموو ئەمانە بە بەرچاوی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە روودەدا و لە حاڵیکدا وەک پارێزەری ئەمنییەتی شارۆمەندان خۆیان بە کۆمەڵگا ناساندووە، بەڵام لە ئاست جموجۆڵی سەلەفییەکان بێدەنگن.
شایانی باسە پێشتریش رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەم بارەوە نیگەرانی خۆی لە ئاست هەڵسوکەتی سەلەفییەکان و بێدەنگی بەرپرسانی حکومەت و پێوەندی ژێربەژێر و پشتیوانی حکومەتی لەو گرووپە تونداژۆیانە دەربڕیبوو.
بەگوێرەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پاراستنی ئەمنییەت و سڵامەت و کەڕامەتی شارۆمەندان لە ئەستۆی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان و سیستەمی دەسەڵاتداری وڵاتانە. بێدەنگی و پێشتیوانی ژێربەژێری حکومەتی ئیسلامی لە گورووپە سەلەفییەکان پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و مافی شارۆمەندانی مەدەنی و سڤیلە.
