مەریوان: تەقینەوەی مین شارۆمەندێکی کوردی بریندار کرد 

هانا: رۆژی پێنجشەممە ٣٠ گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٠ی مەی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی کۆماسی بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوو. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "حسێن ئەسەدی" خەڵکی ئاوایی "چوئین" لە ناوچەی کۆماسی مەریوان راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، ئەم شارۆمەندە کوردە لە نزیکی پایەگایەکی کۆنی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ئاوایی "چوئین" بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بووە و بۆ چارەسەری برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی "بووعەلی" مەریوان کراوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە. 

جێگای ئاماژەیە، سپای پاسداران، ناوەندە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەردەوام خەریکی چاندنی مینن لە ناوچە سنوورییەکان و جگە لەوەش لانیکەم ٤٢٠٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە لە خاکی ئێران مین ڕێژ کراوە کە زۆربەی ئەم خاکە مین ڕێژ کراوانە دەکەوێتە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی ئێران. بەشێک لەو منیانە هی سەردەمی جەنگی ئێران و عێڕاقە هەڵنەگیراونەوە و بەشێکی دیکەش لە دژی حزب و هێزە کوردییەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە چێندراوەن، یان وەک ئەم نموونەیە کاتی خۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران دەوروبەری پایەگاکانیان مین رێژ  کردووە و سەرەڕای ئەوەی نزیک بە ٣ دەیەیە چۆڵ کراون بەڵام هێزە چەکدارەکانی حکومەت مینەکانیان هەڵنەگرتوونەوە. حکومەتی ئیسلامی ئێران بە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە نەناوە و هەر لەبەر ئەوە ناوە ناوە و هەر جارەی لە ناوچەیەکی کوردستان تەقینەوەی مین کارەساتی دڵتەزێن و قوربانی لێ دەکەوێتەوە. 
بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆن و یاسا نێونەتەوەییەکان حکومەتی ئیسلامی ئێران وەکوو حکومەتی هەموو وڵاتان بەرپرسە لە پارێزگاری لە ئەمنییەتی گیان و ژیانی هاووڵاتیان. بەڵام حکومەتی ئێران بە خۆپاراستن و واژۆ نەکردنی پەیمانی "ئۆتاوا" خۆی لە هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان دەبوێرێ و تەنانەت ئامادە نییە مەیدان و ناوچە مین رێژکراوەکان دیاری و نیشانە بکا کە لانیکەم ئەمە دەتوانێ گیانی شارۆمەندان تا رادەیەک رزگار بکات. هەروەها دانی زانیاری بە خەڵکی ناوچە مین رێژکراوەکان سەبارەت بە مەیدانەکانی مین و مەترسی مین ئەرکی سەر شانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە وەک دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بەڵام ئەم کارەش هەر ناکا. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular