هانا: لە رۆژانی رابردوودا شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی ئاوایی “کانی سپی” لە ناوچەی مەریوان منداڵەکەی خۆی کوشتووە و هەولیشیداوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ.
ناسنامەی ئەم کەسە "سەلاح کەسرایی" کوڕی محەممەد و خەڵکی ئاوایی "کانی سپی" لە ناوچەی مەریوان راگەیەندراوە.
ئەو باوکە لە رێگای دانی حەب بە کوڕە منداڵکارەکەی بە ناوی "سامیار" کۆتایی بە ژیانی کوڕەکەی هێناوە و هەروەها بە هۆی ئەوەی هەوڵیداوە کۆتایی بە ژیانی خۆیشی بێنی، لە کۆمادایە.
بە پێی زانیارییەکان ناوبراو لە بارودۆخێکی سەخت و نالەباری بەڕێچوون و ماڵیدا بووە و باوکیشی لە ساڵانی رابردوودا لە ناوچەی "بەردەڕەش" بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران گیانی لەدەستداوە و هاوسەرەکەشی هەر بە هۆی ئەم بارودۆخە نالەبارەوە لێی جیا بووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کێشەی ئابووری و هەژاری، نەخۆشی دەروونی، گوشاری فەرهەنگی، گیروگرفتی سیاسی و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارە باوەکانی خۆکوژین لە کۆمەڵگای ئێران و رادەی خۆکوژی لە کوردستان لە بەشەکانی دیکەی ئێران زیاترە.