مەریوان: ئەشکەنجە و ئازاری کۆڵبەرێک لە سنووری “تەتە” 

هانا: هەواڵنێری هانا لە مەریوانەوە ئاگاداری کردین رۆژی سێشەممە ٧ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢١)، شارۆمەندێک کورد لە کاتی کۆڵبەریدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی لە هەنگی سەر سنوور گیراوە و کەوتووەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "فوئاد راهپەیکەر" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "بەردە ڕەشە" لە ناوچەی سەرشیوی مەریوان راگەیەندراوە. 
بە پێی ئەم راپۆرتە ناوبراو لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری تەتە"، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە کەوتووەتە بەر ئازار ئەشکەنجەی زۆرەوە و هەر وەک لە وێنەکاندا دەردەکەوێ هەموو سەر و چاو و گیانیان شین و مۆر کردووەتەوە و ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدانی پێوە دیارە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular