هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەربازێکی کورد لە پازگای سەر سنووری “گلە سوور” لە بەرزاییەکانی ناوچە سنوورییەکانی بانە، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناوی ئەم سەربازە "ئاریان شامحەممەدی" خەڵکی دیواندەرە راگەیەندراوە.
هاوکارانی هانا لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا رایانگەیاندووە: ئاریان شامحەممەدی پاش حەوتوویەک لە کۆتایی هاتنی مەرەخەسی و گەڕانەوەی بۆ پاسگا، رۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە کاتی کێشکدا بە گولـلەی گەرم گیانی لەدەستداوە.
بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەم بارەوە، بەرپرسانی پێوەندیدار بە بنەماڵەکەیان راگەیاندووە، هۆکاری کوژرانی ئەم سەربازە خۆکوژی بووە و باوکی سەربازەکەیان ناچار بەوە کردووە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پزیشکی و یاسایی بۆ نەکا و شکایەت نەکا.
شایانی باسە، ئاریان شامحەممەدی تەندروستی لە هەموو بارێکەوە جێگیر بووە و هیچ جۆرە نەخۆشییەکی دەرووننی نەبووە تا هەوڵی کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی بدا.