هانا: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٣ی ژولای ٢٠٢١)، کاسبکارێکی کورد کە ماشێنەکەی هەڵگری هیچ جۆرە بارێک نەبووە، بە بیانووی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاغ لە ئەنجامی راوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران گیانی لە دەستداوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "کەریم شەریفی" ناسراو بە (کەریم حاجی حەسەنی قولقوڵە) دانیشتووی گەڕەکی "سەردوشیەکانی" مەریوان راگەیەندراوە. بەپێی ئەو هەواڵانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەییشتوون، ناوبراو لە ئاکامی راوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ماشێنەکەی وەرگەڕاوە و گیانی لە دەستداوە.
هەواڵنێری "ئاسۆنیوز" لە ڕاپۆڕتێکدا لەم بارەوە لە زمانی شاهیدانەوە رایگەیاندووە: ناوبراو هەڵگری هیچ جۆرە کەلوپەلێک نەبووە و هێزەکانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران هێندێکجار بە بیانووی بێبنەما گیانی شارۆمەندانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە و دەبن بە هۆکاری کوشتنیان.
تەقە کردن بەرامبەر بە شارۆمەندان پێشێلکردنی ئاشکرای جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە، بەڵام لە وڵاتی ئێران سەرەڕای واژووکردنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی بایەخ نەدان بەم جارنامەیە، تەقەکردن و کوشتنی بە ئەنقەستی شارۆمەندان بووە بە هەواڵی ڕۆژانە.
