هانا: هاوکارانی هانا لە راپۆرتێکدا ئاگاداریان کردین، “مەلا فایەق شەریعەتی” پێشنوێژی مزگەوتی ئاوایی “حاجیاوا” لە ناوچەی میاندواو بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لەلایەن ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە.
ئەم شارۆمەندە کوردە بە تۆمەتی هاندانی لاوان بۆ پارێزگاری لە مافی نەتەوەیی خۆیان و ناڕەزایەتی بە پیس بوونی ژینگە لەلایەن کارخانەی سیمان لە ئاوایی "حاجیاوا" و بێبەش کردنی خەڵکی چۆمی مەجیدخان و ئەو ناوچەیە بۆ کار کردن لەم کارخانەیە، دوای ٣ رۆژ دەستبەسەری، ساڵێک بەند کردنیان بە سەردا سەپاند.
لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاماژەیەک بە بەندەکانی ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکەین کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە بەڵام رۆژانە بە بەردەوامی بە شێوەی جۆراوجۆری لە شار و ناوچە و گوندەکانی کوردستان پێشێلی دەکا.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
هەروەها بە پێی ئەم جاڕنامەیە هەر تۆمەت لێدراو یا تاوان لێدراوێک مافی هەبوونی پارێزەر و مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی بێ لایەن و دادپەروەری هەیە.