بەرپرسانی بەندیخانەی ئێوینی تاران ماف چاوپێکەوتنیان لە موژگان کاووسی لێکۆڵەر و نووسەری کورد بۆ ماوەی ساڵێک ئەستاندۆتەوە.
.
ئەم نووسەرە کوردە خەڵکی "کلاردەشت"ی پارێزگای "مازەندەران"ە و مانگی خرمانانی ئەمساڵیش بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە بێبەشکردنی لە مافی چاوپێکەوتن ٢ حەوتوو مانی لە خواردن گرتبوو.
دادگای شۆڕشی نەوشەهر چەند مانگ لەوە پێش بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت سزای قەدەغە کردنی چوونەدەری بۆ ئەم چالاکە کوردەی یاراسانییە بڕییەوە.
دادگای نەوشەهر موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حزبە نەیارەکانی حکومەتی ئێران" بە ٣٣ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "هەڵخڕاندنی رای گشتی و نانەوەی ئاژاوە" بە ٣٠ مانگ زیندان و هەر وەها بە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام و حکومەت" بە ٦ مانگ زیندان مەحکوم کرد.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە رۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم نووسەرە کوردە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەریان کرد.