هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی مافی مرۆڤی هانا، واحید باقری سیمبانی تەمەن ٤٦ ساڵ و کارمەندی شەریکەی برقی مهاباد کە لە مانگی رابردوودا بە هۆی رووداوی شوێنی کار بە سەختی بریندار ببوو، لە نەخۆشخانەی موتەهەری تاران هەر دوو دەستیان بڕیوەتەوە.
بنەماڵەی ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە لەبەرچاو نەگرتن و نەپرسینەوە لە دۆخی تەندروستی واحید باقری لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە ناڕازی بوون و رەخنەی خۆیان لە کردەوەی ئەوان لەم پێوەندییەدا راگەیاندووە.
هەروەها بنەماڵەی ناوبراو دەڵێن پزیشکانی نەخۆشخانەی موتەهەری پێیان وتوون، ئەگەر لە رۆژانی سەرەتاوە واحید باقری رەوانەی تاران بکرابوایە، لەوانەیە شانسی زیاتری بوایە بۆ ئەوەی دەستەکانی لەدەست نەدا.
واحید باقری لە ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە ئاوایی "کۆنەدێ"ی مهاباد بە هۆی ئەوەی برق گرتبووی هەر دوو دەستی و لاقی بە خەستی بریندار ببوون و دڵ و گورچیلەکانی زەبری قورسی وێکەوتبوو.