بەپێی هەواڵێک کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە مهابادەوە هاتووە، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی مهاباد لە رۆژی هەینییەوە واتە رێکەوتی ١٠ی گوڵانی ١٤٠٠ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا بێ سەروشوێنە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "سیروس مەولوودی" کوڕی ئیسماعیل و خەڵکی مهاباد راگەیەندراوە.
ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی "سیروس مەولوودی"یان راگەیاندووە، کوڕەکەتان بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی شیراز گوێزراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.