مهاباد: سەپاندنی سزای زیندان بۆ شارۆمەندێکی کورد 

رۆژی سێشەممە ٧ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢١)، چالاکێکی مەدەنی کورد خەڵكی مهاباد لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهابادەوە سزای بەندکردنی بە سەردا سەپا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "ئەرەستوو مەلاڕەحیمی" خەڵکی مهاباد راگەیەندراوە. 
بە گوێرەی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، بە پێی حوکمی دادگا ئەم شارۆمەندە کوردە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبێکی کوردی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران، ٣١ مانگ و ١٦ رۆژی زیندانی تەعزیری کە رۆژانی دەسبەسەربوونی پێشتریشی بۆ هەژمار دەکرێ بۆ بڕاوەتەوە.  
ئەم بڕیارەی دادگا لە دژی "ئەرەستوو مەلاڕەحیمی" ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهابادەوە دراوە و ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ پێیان راگەیاندووە. 
بە دوای ئەوەیدا ناوبراو بابەتێکی لە سەر ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبۆوە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە رێگای تەلەفونەوە بانگیان کردبوو و دەسبەسەریان کردبوو. 
ئەرەستوو مەلاڕەحیمی چالاکێکی مەدەنییە لە کەمپەینەکانی یارمەتی کۆکردنەوەی خەڵکی مهاباد هەڵسووڕاو بووە و لە کۆکردنی یارمەتی بۆ خەڵکی لوڕستان کە لافاو زەرەرمەندی کردبوون و هەروەها بوومەلەرزە لێدراوانی ناوچەی کرماشان چالاک بووە.  

RELATED ARTICLES

Most Popular