هانا: رۆژی هەینی ٣١ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢١ی مەی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی ئاوایی “لەج” لە ناوچەی مهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "قاسم عەزیزیان" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "لەج" لە ناوچەی مهاباد راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکان رژاونەتە ماڵی باوکی لە گوندی "لەج" و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار لەگەڵ خۆ بردووە.
جێگای ئاماژەیە تا ئێستا هۆکاری گرتنی ئەم شارۆمەندە کوردە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
لەم پێوەندییەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بە بەندی ٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانە بکەین کە بەم جۆرە دەڵێ:
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.